كەشكۆڵی شیخ ئەحمەدی شاقەڵا
جۆری دەست خەت :كەشكۆڵ
بە دەستی کێ نوسراوە: نەزانراوە
مێژووی دەستخەت: –
ژمارەی پەڕەکان:215
شیعری مەولەوی لە دەستخەتەکەدا:

كەشكۆڵی شیخ ئەحمەدی شاقەڵا
كورتە باسێك دەربارەی ئەم دەستخەتە
كەشكۆڵی شێخ ئەحمەدی شاقەڵا
ئەم كەشكۆڵە كاتی خۆی ئەگەر نایابترین كەشكۆڵی كتێبخانەی كوردی نەبووبێت، ئەوە بێگومان یەكێك لە كەشكۆڵە هەرە نایابەكانی شوێنەواری مامۆستایان و ئەدیبانی كورد بووە.
دەبێ- بێ ئەوەی منەت بەسەركەسدا بكەین بڵێین: كەم لە كەشكۆڵی شاعیرانی كورد هەیە بە ئەندازەی ئەم كەشكۆڵە مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغی رەنج و زەحمەتی بۆ ڕێكخستنەوەی دیبێت، چونكە لە نووسینەوەیدا ئەوەی پێی دەڵێن: (تباعە) یان (رادود) و مامۆستاش ماوی ناوە (ئەوبەر) لە كاتی نووسینەوەیدا پەیڕەوی نەكراوە.
هەروەها ژمارەی لاپەڕەیشی نەبووە. گومان  بۆ ئەوە دەچێت كاتی خۆی زۆر گەورە بووبێت، بەڵام – ئەمیش – بەر چەپگەرد كەوتووە و مەگەر هەر خۆی بزانێت چی پێ كردووە!
دوای ئەوە دەستێكی دڵسۆز – بەڵام ناشارەزا – فریای كەوتووە و ئەوەی كە ئێستە ماوە لە لە ناوچوون رزگاری كردووە. چۆن زانیویە بەو شێوە یەكی خستوەتەوە و بەرگی تێگرتووە و لە لێواری گۆڕەوە بووژاندوویەتیەوە.
ژمارەی بۆ لاپەڕەكانی داناوە، بەڵام بە بۆنەی ئەوەوە باش یەكنەخراوەتەوە بەشی زۆری ژمارەكان هەڵەوگێڕاون و ، سێ جار زیاتر ئەمبەرەوبەری و شپرزەیی لە شوێنە بچڕاوەكانیدا دیارە.
وێنەی دەستخەتەكە لای مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغی هەیە ، لاپەڕە-لاپەڕەی كردووە دوای ئەوە چەند ئەمبەرەو بەرو ئەمسەرەو سەر تا نەختێك لەیەك نزیك فیهرەستی بۆ كردووە.
ئەم كەشكۆڵە یەكەم كەشكۆڵە بەو شێوە پەخشانی شیعری كوردیی تێدابێت، بەڵكو كاتی خۆی كتێبی عەقیدەی مەرضییەی بە پەخشان تێدا بووە ، بەشی هەرە زۆری تێدا چووە و بەشێكی كەمی لە سەرەتاكەی ماوە و ، ئەوەكەی تری- كە نازانین چەند  بووە- تێداچووە. هەروەها عەقیدەی مەرضییەكەی بە شیعریش تێدابووە. ئەویش بەشی زۆری تێداچووە و (15) لاپەڕەیەكی ماوەتەوە. لە دیوانی مەولەوی و بەشی شیعری شاعیرانی دیشدا كەوتن و لەناوچوون هەیە و، هێشتا گەلێ شیعری نایابی بێسارانی و وەلی دێوانە و شاعیرانی تریشی تێدا ماوە و ، كەرەستەیەكی باشی كۆكردنەوە و لێكۆڵینەوەی دیوانی چەند شاعیرێكی گەورەی كوردە.
ئەم كەشكۆڵە بە كەشكۆڵی (شیخ ئەحمەدی شاقەڵا) ناسراوە و كاتی خۆی مامۆستای مودەڕیس ناوی بیستووە و هەواڵی زانیوە و هەوڵی ئەوەی داوە دەستی بخات ، بەڵام هەوڵەكەی بێ سوود بووە.
خەتەكەی زۆر خۆشە ، ناوی نووسەرەوە  مێژووی نووسینەوەی دیار نییە.
لە یەك دوو جێگەیدا كەسانی دی بۆ یادگار بەشدارییان لە نووسینەوەیدا كردووە.
یەكێك لەوانە عەبدوللەطیف ناویك لە شوێنێكدا چەند شیعرێكی نووسیوەتەوە، دوایی دەڵێت ، بە یادگار بۆ شێخ مەحموودم نووسیوەتەوە. دوور نییە ئەوە شێخ مەحموودە نووسەرەوە و خاوەنی ئەسڵی دەستخەتەكە بووبێت.
ئەوەی كە ماوە (215) لاپەڕەیە ژمارەی بەیتەكانی لاپەڕەكانی وەك یەك نییە.
ئەم دەستخەتە ئێستە لەلای كال شێخ عەلی لە نەوەی شێخ ئەحمەدی شاقەڵا لە شاری سەقز پارێزراوە. بە رێگەدانی ئەو بەڕێزە و ئەركی مامۆستا عیرفانی پارسا، مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغی وێنەی لەسەر سیدی دەستكەوتووە و، بۆ بەرگی دووەمی ئەلبوومی كەشكۆڵ و دیوانی مەولەوی سوودی باشی لێ وەرگرتووە.