كەشكۆڵی ئەڵمانیا
جۆری دەست خەت :كەشكۆڵ
بە دەستی کێ نوسراوە: نەزانراو
مێژووی دەستخەت: نەزانراوە
ژمارەی پەڕەکان:183
شیعری مەولەوی لە دەستخەتەکەدا:

هەموو كەشكۆڵەكە بۆ مەولەوی تەرخانكراوە

كەشكۆڵی ئەڵمانیا
كورتە باسێك دەربارەی ئەم دەستخەتە
كەشكۆڵی ئەڵمانیا
پێش ئەوەی سیدییەكەی د.كەمال فوئاد بگاتە دەست مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی ، گەنجی دڵسۆز و خەمخۆر، كاك هێمن ، مایكرۆفیلمی چەند دەستخەتی دیوانی مەولەوی لە ئەڵمانیاوە بۆ مامۆستا هێناوە، یەكێكیان ئەم دەستخەتەبووە، ئەو كاتە وەك ئاماژە بۆ رەنجی ئەو گەنجە دڵسۆزە ئەم دەستخەتەی ناوناوە كەشكۆڵی ئەڵمانیا.
ئەم دەستخەتە دەستخەتێكی گەورەیە (183) لاپەڕەیە هەمووی بۆ دیوانی مەولەوی تەرخان كراوە، جگە لە دیوانی مەولەوی ، شیعری كەسی تری تێدا نییە. لە سەرتایەوە تا لاپەڕە (140) بە مەرەكەبێكی شینی تۆخ نووسراوەتەوە، لەوە بەدواوە تا كۆتایی دەستخەتەكە، بە مەرەكەبی پەمەیی كاڵ نووسراوەتەوە. بەشی زۆری سەروبۆری بۆ كراوە وەك عەرەبیی بنووسریتەوە. وەك ژمارەی بۆ لاپەڕەكان داناوە ژمارەی بۆ پارچە شیعرەكانیش داناوە، سەرەتاكەی دیارە ، بەڵام كۆتاییەكەی ناتەواو دیارە و لەوە دەچێ تەواو نەبووبێت. لە هەندێ شوێنیدا بۆنەی وتنی پارچە شیعرەكان لە پێش پارچە شیعرەكەوە نووسراوە، وا دیارە هەمووی خەتی یەك كەسە، بەڵام ناوی نووسەرەوە و مێژووی نووسینەوەی پێوە نییە.
لە كتێبخانەی بەرلین بە ژمارەی (9876) پارێزراوە.