. ئەم دەسخەتە لە شێوەی (بەیاض) دایە . نزیكەی (500) لاپەڕەیە . دەتوانرێ پێی بگوترێ (گەنجینەیی)* بایەخی زۆری پێدراوە، جۆگەلە جۆگەلە كراوە، قەراخەكانی زەڕكەفتكاریی كراون. چەند خەتخۆش بەشدارییان لە نووسینەوەیدا كردووە. بە فەرمانی شێخ حیسامەدین نووسراوەتەوە. لاپەڕەی(16) دێڕ (8) بەیت و كەمتر و زیاتری تێدایە. پێوانەكەی (11*20) ە. ماوەیەك كەمتەرخەمیی لە عاستیدا كراوە ، تەڕبوون و شپرزەیی پێوە دیارە، بەڵام كەمی لە ناوچووە. مێژووی ساڵی(1318ك = 1900ز) ی پێوەیە. ئەوانەی كە ناویان زانراوە لە بەشداربووان لە نووسینەوەیدا: 1 – محەمەد حەسەنی كوڕی ئوەیسی عوسمانیی كە زانا و شاعیریش بووە نازناوی شیعری (عەلایی) بووە. 2 – گوڵباخ محەمەد عەلی . 3 – محەمەد سەعید. بەیتەكانی مەولەوی تێدا ژمێردراوە و ژمارەیان گەیشتوەتە (1461) بەیت . وێنەی ئەم دەستخەتە لەلای مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی هەیە. بە درێژیی لە بەرگی پێنجەمی (بووژاندنەوەی مێژووی زانایانی كورد لە ڕێگەی دەسخەتەكانیانەوە) دا لەسەری نووسیوە. *گەنجینەیی: (خزائنی) بەو دەسخەتانە دەوترێت كە بە فەرمانی میرێ یان كەسایەتییەك نووسرابنەوە و لە گەنجینەی ئەودا-ماوەیەك- پارێزرابن. |