كەشكۆڵی مەحرووق ئەم ناونیشانە مامۆستا محەممەد عەلی قەرەداغی بۆ بەیاضێك لە و بەیاضانە داناوە كە دوكتۆر كەمال فوئاد لە بەرلینەوە بۆی ناردووە. ئەم بەیاضەیش بەشی خۆی لە كەمتەرخەمیكردن لە عاسیتدا و دڕان و كەوتن و تێداچوون پێوە دیارە، سەرەتای نەماوە ، كۆتایی دیار نییە. یەكێك بوو لە بەیاضە نایابەكانی كتێبخانەی كوردی. ناوی نووسەرەوە و مێژووی نووسینەوەی پێوە نییە، ناو و بەرهەمی شاعیرێكی تێدایە كە پێشتر لە بەیاض و كەشكۆڵەكانی دیكەدا مامۆستا نەیبینیوە. ئەوە شاعیرێكە بە نازناوی (مەحرووق) بەیاضەكەی بەناوی ئەوەوە ناوناوە. ئەم بەیاضە، شیعری چەند كەسی تێدایە، لە سەرەتاوە تا لاپەڕە(70) شیعری مەولەوییە و ، نزیكەی (70) پارچە شیعری مەولەوی تێدایە . دوای ئەوە شیعری نالی و ، مەحرووق و ، مەلا مصطەفا و ، چەند كەسی دی تێدایە. بە خەتێكی مامناوەندی و خۆشخوێن و روون نووسراوەتەوە. لە هەندێ شوێندا پارچەكان لە یەك جیانەكراونەتەوە. لەسەر هەندێ لە پارچەكان بۆنەی وتنی نووسراوە. دەستخەتەكە (115) لاپەڕەیە ، لاپەڕەی (12) بەیت و كەمتر و زیاتری تێدایە. لە كتێبخانەی بەرلین بە ژمارە (9873) پارێزراوە. |