سەیید عەبدولڕەحیمی نازناو (مەعدوومی) و بەناووبانگ بە(مەولەوی) ، كوڕی مەلا سەعیدی تاوگۆزی و لە نەوەی مەلا یووسف جانی كوڕی مەلا ئەبووبەكری چۆڕی یە كە بە (موصەننیف) مەشهوور بووە و ، ڕشتەی پشتیان ئەچێتەوە سەر خواناسی ناودار سەیید موحەممەد زاهیدی كوڕی سەیید مەحموودی مەدەنی كە بە ( پیر خدری شاهۆ) ناسراوە و ، لە نەوەی حەزرەتی حوسەینی كوڕی حەزرەتی عەلیی كوڕی ئەبووطالیب و فاطیمەی زەهرایە خوایان لێ ڕازی بێ.
مەولەوی لە ساڵی 1221 ی هیجرەتدا لە دێی (سەرشاتە)ی ناوچەی تاوەگۆزی كە ئەكەوێتە بەری باشووری ڕووباری سیروان ، لە دایك بووە . هێشتا منداڵ بووە ماڵی باوكی ناوچەی تاوگۆزی یان بەجێ هێشتووە و لە دێی (بێژاوە) جێگیر بوون و ، لەوێ لای باوكی قورئانی پیرۆز و كتێبە وردەكانی خوێندووە و فێری نووسین بووە.